رێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور له‌سه‌ر كوردستان 24 هاته‌ ده‌نگ

داوایه‌ك له‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ری رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

رێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور، له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردن له‌ نووسینگه‌ و تیمه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی كوردستان 24 له‌ رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا هاته‌ ده‌نگ و داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاره‌ تاكلایه‌نه‌كه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ری ده‌كات.

رێكخراوی په‌یامنێرانی بیسنوور له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆیانه‌وه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ری رۆژئاوای كوردستان هه‌ڵوێستی خۆیان روونكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن: ئاگادارین كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی سووریا مۆڵه‌تی كاركردنیان له‌ كه‌ناڵێكی كوردیی عێراقی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌ و رێگه‌ی كاركردنیان له‌ رۆژنامه‌وانه‌كانیان گرتووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا".

رێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور ئیداره‌ی خۆسه‌ری له‌ رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا هانداوه‌ تا بڕیاره‌ تاكلایه‌نه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر نووسینگه‌ و رۆژنامەوانانی كوردستان 24 هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ری به‌رامبه‌ر كوردستان 24 نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و چه‌ندین ناوه‌ندی رۆژنامه‌زانی و میدیایی و رێكخراو و ناوه‌نده‌ رووناكبیرییه‌كان دژی ئه‌و هه‌وڵه‌ پاڵپشتی خۆیان بۆ كوردستان 24 ده‌ربڕی. پاش ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی كوردستان 24 له‌ راگه‌یێنراوێكدا فشاره‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ری له‌سه‌ر تیمه‌كانی راگه‌یاند و ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌ بڕیاری ئیداره‌ی خۆسه‌ری ئاگادار كرده‌وه‌ و به‌هۆی فشاره‌كانیانه‌وه‌ راگرتنی كاره‌كانی له‌ رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا راگه‌یاند.

Fly Erbil Advertisment