سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر دەكات

سڵاوی سەرۆك و وەزیری دەرەوەی فەرەنسای بە سەرۆك بارزانی گەیاند

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی، ئه‌مڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەددین پێشوازی لە ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە شاری هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و پاتریس لۆغوا جێگری كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئامادەی بوون، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، سڵاوی سەرۆك و وەزیری دەرەوەی فەرەنسای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی بە بوونی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی حكوومەتی تازەی هەرێم نیشاندا و جەختیشی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی كوردستان كردووە.

هەروەها ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند، كە وڵاتەكەی بە ئیجابی سەیری باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات.

راشیگەیاند، سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەلای فەرەنساوە گرنگە و وڵاتەكەی ویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەردەوامبوونی لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستانی هەیە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و وەزیری دەرەوەی فەرەنسای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی تازەی فەرەنسا لە هەولێر خواست.

وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسا سوپاسی سەرۆك و حكوومەتەكانی فەڕەنسای كرد كە لە رۆژانی تەنگانە و شەڕی داعشدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا هیچ سەقفێك بوونی نییە.

هەڕەشەی تیرۆر و بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سووریا چەند تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون و، سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك ماكرۆن لەمەڕ سووریا، نیگەرانی و تێبینییەكانی خۆیشی لەسەر بارودۆخ و داهاتووی گەلی كورد لە سووریا بە شاندی میوان راگەیاند. 

 پەیوەست بە هەڕەشەی داعش و هزری توندڕۆیی سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش و هزری توندڕۆیی هێشتا چارەسەر نەكراون بۆیەشە مەترسیی بەهێزبوونەوەی تیرۆر لە ئارادایە.