داعش ھێرشی كردە سەر سوپا و حەشدی شەعبی
پەلامار و تەقینەوەكانی داعش زیادیكردووە
K24 - ھەولێر
لە هێرشێکی داعشدا لە باشووری تکریت، پێنج سەربازی سوپا و چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، لە هێرشێکی داعشدا بۆ سەر پێگەیەکی سوپا و حەشدی شەعبی لە ناوچەی مکێشیفە لە باشووری تکریت، پێنج سەرباز و چەکداری حەشد کوژران.
لە ناوچەیەکی نزیک شارۆچکەی شارەبان سەر بە پارێزگای دیالەش، بۆمبێکی چێندراو تەقییەوە و هیچ زیانێکی بەدواوە نەبوو، سێ بۆمبی دیکەش پوچەڵکرانەوە.
ھەر پەیوەست بە دۆخی ئەمنی عێراقەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی رێوڕەسمی یادکردنەوەی عاشورا، هێزی ئەمنی و سەربازی زیاتر، رەوانەی چوار پارێزگا دەکرێت.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست بڕیاریدا هێزی ئەمنی و سەربازی زیاتر، رەوانەی هەر چوار پارێزگای بابل، کەربەلا، نەجەف و دیوانیە بکرێت و پلانێکی تۆکمە بۆ پاراستنی ئاسایشی رێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی عاشورا دابنرێت.
ساڵانە و لە 10ی مانگی موحەڕەم، یادی شەهیدکردنی حوسەینی کوڕی عەلی ئەبو تالیب، ئامۆزای پەیامبەری ئیسلام دەکرێتەوە.
ھ.م