خانوویەک لە شنگال تەقییەوە

چوار سەربازی عێراق لەناو خانووەکە بوون

K24 – دهۆک:

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شنگال بە کوردستان24ی راگەیاند، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئەیلوولی 2019، خانوویەکی بۆمبڕێژکراو لە کۆمەڵگای گرزەرکێ (بە 20 کم دەکەوێتە باشووری شنگال) سەر بە ناحیەی گرعوزێر لە دەڤەری شنگال، بەسەر 4 چوار سەربازی عیراقیدا تەقییەوە و دوو لەوان گیانیان لە دەست دا کە پلەی یەکێکیان نەقیب بووە و دوانیتریش بریندار بوون و برینەکانیان سەختە.

بەرپرسێکی کارگێڕیی لە ناحیەی گرعوزێر، بە پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچەیە لەبەر نەبوونی دڵنیایی و هەبوونی رێژەیەکی زۆر لە خانووی بۆمبڕێژکراو، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئیستا ئەو ناوچانە لە ژێر کونتڕۆڵی یەبەشە و حەشدی شەعبی و سوپای عیراقی دان.

لەگەڵ هاتنیان بۆ شنگال، چەکدارانی داعش زۆربەی خانووەکانی دەڤەرەکەی بۆمبڕێژ کرد و تا ئیستا 23 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

H.J