رووسیا وه‌به‌رهێنان له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ئه‌نبار ده‌كات

ئەنبار 2 بۆ 4 ملیار بەرمیلی نەوتی یەدەگی ھەیە

K24 – هه‌ولێر:

بە مەبەستی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای ئەنبار، گرێبەستێكی نوێی نەوتی لە نێوان عێراق و كۆمپانیایەكی رووسی واژووكرا.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئامانجی دۆزینەوە و پەرەپێدانی بەرھەمھێنانی نەوت لە كێڵگەكانی وزە كە دەكەوێتە پارێزگای ئەنبار، گرێبەستێك لە نێوان عێراق و كۆمپانیای سترۆی ترانس گاز ئۆیڵی رووسی واژووكراو ماوەی گرێبەستەكە دەگاتە 34 ساڵ.

كێڵگەكەكانی پارێزگای ئەنبار 2 بۆ 4 ملیار بەرمیلی نەوتی یەدەگی ھەیە و گرنگی ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە بۆی ھەیە چالاكییە نەوتی و گازییەكان لە ئەنبار زیاتر بكات و ھەلی كاری زۆریش بڕەخسێنێت.

واژووكردنی ئه‌و گرێبەستە لە كاتێكدایە عێراق لە ماوەی رابردوودا گرێبەستێكی گەورەی لەگەڵ كۆمپانیای لوك ئۆیڵی رووسی ئەنجامدا بۆ بەرھەمھێنانی نەوت لە كێڵگەی رۆژئاوای قورنە2 بەبڕی 800 ھەزار برمیل نەوتی رۆژانە.