مۆرینهۆ: مێسی منی کردە راهێنەرێکی باشتر
مۆرینهۆ: ڤار پێویستە بۆ تۆپی پێ
خۆزێ مۆرینهۆ لە دیمانەیەکیدا پاڵپشی بەکارهێنانی سیستەمی ڤار دەکات و پێیوایە مێسی بەبێ ئەوەی یاریی بۆ بکات ئەوی کردووە راهێنەرێکی باشتر، باسی سەردەمی کارکرندی خۆشی دەکات لە ریال مەدرید.
مۆرینهۆ لەبارەی بەکارهێنانی سیستەمی ڤارەوە گوتی 'من ڤارم خۆش دەوێت، چونکە ئامانج لێی کەمکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانە، بۆ ئەوەیە ئەنجامی راستەقینەی یارییەکان دەربکەوێت، بەڵام کەیفیشم پێ نایەت، چونکە زۆر جار ریتمی یارییەکان خاو دەکاتەوە و چێژی یارییەکان دەکوژێت، بەڵام لەکۆتاییدا ڤارم خۆش دەوێت چونکە پێموایە دەکرێت ڤار بەکار بهێنرێت و چێژ و خۆشی یارییەکان هەر بمێنێتەوە، دەکرێت هەردووکیان لەگەڵ یرکتری بگونجێنرێت، لەو چەند چرکەیەی دیمەنەکە چیک دەکرێتەوە دەکرێت سۆز و خۆشەویستی هەر بمێنێتەوە'.
هەروەها خۆزێ لەبارەی مێسییەوە گوتی 'گەرچی من لە هیچ یانەیەکدا راهێنەرایەتی مێسیم نەکردووە و لە تیپەکەی من یاریی نەکردووە، بەڵام پێموایە مێسی وای لە من کرد ببمە راهێنەرێکی باشتر، چونکە هەمیشە کاتێک رووبەڕوو دەبوومەوە پێویست بوو باشتر تیپەکەم ئامادە بکەم و تیپەکەم زیاتر رێکبخەم بۆ ئەوەی بتوانم بە باشی رووبەڕووی ببمەوە'.
راهێنەرەکەی پێشوو ریال مەدرید لەبارەی لالیگا و ریال مەدریدەوە گوتی 'پێشموایە ئێستا بەراورد بەو کاتانەی من لە لالیگا بووم، خولەکە زیاتر هاوسەنگترە، ئێستا وردە وردە یانەکان ئاستیان بەرز دەبێتەوە و ئاستیان بەرەو لوتکە هەڵدەکشێت، ئەو سەردەمەی لە ریال مەدرید کارم کرد، یەکێک بوو لە خۆشترین سێ ساڵی ژیانی راهێنەرایەتیم، بەڵام لە هەمان کاتیشدا سەخت بوو، چونکە ئەوکات بارسێلۆنا هەموو شتێکی کۆنتڕۆڵ کردبوو، دەبوایە ئێمە ئەو باڵادەستییەی بارسێلۆنا بەسەر ئیسپانیا نەهێڵین، من توانیم جامی شا و لالیگا بەدەست بهێنم، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریال مەدرید بەدەست بهێنم'.