ئه‌ردوغان هه‌ڕه‌شه له سوپای سووریا ده‌كات و هۆشداریش ده‌داته ئه‌وروپا
ئه‌وروپا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نه‌بووه و توركیاش چیتر به‌رگه‌ی دۆخه‌كه ناگرێت
K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه، خاڵه چاودێرییه‌كانمان له ئیدلب ناكشێنینه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی له حكوومه‌تی دیمه‌شق كرد، له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌كانیان له ئیدلب وه‌ڵامی توندی سوپای سووریا ده‌ده‌نه‌وه و هۆشداریش ده‌داته ئه‌وروپا، ئه‌گه‌ر پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان نه‌بن، ده‌روازه‌كان به‌ڕووی په‌نابه‌راندا به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌خاته سه‌رپشت.
ئه‌ردوغان له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی "رۆیته‌رز" ره‌تیكرده‌وه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌باره‌ی خاڵه‌كانی چاودێری توركیا له پارێزگای ئیدلبی سووریا له نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شقدا هه‌بێت، كه ژماره‌یان 12 خاڵه، گوتیشی: له‌وباره‌یه‌وه هه‌ماهه‌نگی ته‌واویان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌گه‌ڵ رووسیا و به‌شێوه‌یه‌كی به‌شی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه.
سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر هیچ هێرشێك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریاوه بۆ سه‌ر خاڵه‌كانی چاودێرییان له ئیدلب ده‌سته‌وه‌ستان نابێت و گوتی: له ئه‌گه‌ری هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌مجۆره هه‌نگاوی پێویست و گونجاویان ده‌بێت.
ئه‌ردوغان جه‌ختیكرده‌وه، له ئێستادا هیچ بڕیارێكیان بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌و خاڵانه‌ی چاودێری له ئارادا نییه و وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌و خاڵانه به ئامانجی پارێزگاریكردن له خه‌ڵكی سڤیل له ئیدلب دامه‌زراون".
سه‌رۆكی توركیا به‌رپرسیارێتی به ئامانجكردنی خه‌ڵكی ئیدلبیشی خسته ئه‌ستۆی حكوومه‌تی دیمه‌شق و گوتی: ئه‌و كاره‌ی حكوومه‌تی سووریا ده‌بێته هۆی شه‌پۆلێكی دیكه‌ی په‌نابه‌رانی ئیدلب به‌ره‌و توركیا، وێڕای مه‌ترسی بۆ له‌باربردنی چاره‌سه‌ری سیاسی.
ئه‌ردوغان هۆشداریشیدا، كه له‌وانه‌یه توركیا ده‌روازه‌كانی به‌ڕووی په‌نابه‌راندا به‌ره‌و ئه‌وروپا بخاته سه‌رپشت، گوتیشی: توركیا هه‌موو هه‌وڵێكی له پێناو په‌نابه‌ران داوه، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ك پێویست پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نه‌بووه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پێدانی 6 ملیار یۆرۆ بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و په‌نابه‌رانه.
هه‌روها راشیگه‌یاند، ئه‌و به ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئه‌ڵمانیای راگه‌یاندووه، وڵاته‌كه‌ی 40 ملیار دۆلاری له دۆسیه‌ی په‌نابه‌ران خه‌رج كردووه و چیتر ناتوانێت ئه‌و ئه‌ركه قورسه به ته‌نیا له ئه‌ستۆ بگرێت.
H.B