وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر بەرپرسانی ئێران

لەسەر بۆردومانکردنی کێڵگە نەوتییەکانی سعوودییە هاتە دەنگ

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئێران بە هێرشکردنە سەر کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیە تۆمەتبار دەكات.

لە تویتێکدا ، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئێرانی بە هێرشکردنە سەر کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیە تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، تاران لە پشت نزیکەی 100 هێرشی ئەم دوایەی سەر سعودیەیە.

پۆمپیۆ نوسیوویەتی، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە، خۆیان وادەردەخەن کە رێگای دیپلۆماتیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گرتووەتەبەر، بەڵام درۆ دەکەن.

پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان جێنشێنی شای سعودیە ئەنجامدا و سەرکۆنەی هێرشەکەی سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆی كرد و پاڵپشتی خۆیشی بۆ ریاز دووپاتکردووەتەوە.

 سەر لە بەیانی دوێنێ شەممە 14/09/2019، دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، هێرشیانکردە سەر دوو کارگەی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە پارێزگای بوقەیق لە رۆژهەڵاتی سعوودیە کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی وڵاتی سعوودییەی لێیە و زیانی زۆریان پێگەیاندن.

H.J