ئێران خۆی بۆ جه‌نگێكی گشتگیر ئاماده ده‌كات
رووی مووشه‌كه‌كانی به‌ره‌و بنكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌سوڕێنێت
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌میر عه‌لی حاجی زاده، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران ده‌ڵێت: "ئێران و ئه‌مه‌ریكا نایانه‌وێت جه‌نگ هه‌ڵگیرسێت، به‌ڵام هێزه مه‌یدانییه‌كان له ئاوه‌كانی كه‌نداو له هێڵی ته‌ماسدان و ئه‌گه‌ری هه‌یه جه‌نگ هه‌ڵبگیرسێت".
ئه‌و فه‌رمانده باڵایه‌ی ئێران گوتوویه‌تی: "سه‌رجه‌م بنكه و كه‌شتییه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا، 2 هه‌زار كیلۆمه‌تر له ئێمه دوورن و كه‌وتوونه‌ته ناو سێرهی مووشهكهكانمانهوه، دوای خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له مانگی ته‌مووزی رابردوو، رووی مووشه‌كه‌كانمان كردووه‌ته بنكه‌ی عوده‌ید له قه‌ته‌ر و زه‌فره له ئیمارات و باریجه له كه‌نداوی عوممان".
قسه‌كانی ئه‌و فه‌رمانده ئێرانییه له كاتێكدایه، ئێستا زیاتر داوای گفتوگۆی نێوان هه‌ر دوو وڵات ده‌كرێت و لێدوانه گرژه‌كان تا راده‌یه‌ك خاوبوونه‌ته‌وه.