پەرلەمانی كوردستان سكاڵا دژی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆمار دەكات

"دەبێ پێش ھەڵبژاردن مادەیەكی یاساكە ھەڵبوەشێندرێتەوە"

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق، سكاڵا دژی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆمار دەكات.

جوان یونس رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "یاسای ھەموار كراوی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لە مادەی 16 باس لەوە دەكات ھاووڵاتی ھەر پارێزگایەك ئەگەر لەناو پارێزگاكە نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، ئەمەش زیانی بۆ كورد ھەیە، چونكە دوای 16ی ئۆكتۆبەر رێژەیەكی زۆر لە خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بوون و لە ھەولێر و دەوروبەری نیشتەجێن، بەم جۆرەش مافی كورد لە ھەڵبژاردەنەكە پێشێل دەكرێت".

گوتیشی: "وەك لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بڕیارماندا رێكاری یاسایی دژی ئەو مادەیە بگرینەبەر و ھەڵبوەشێتەوە، چونكە پێشێل كردنی دەستوورە، بۆ ئەم مەبەستە پارێزەرێكمان دەست نیشانكردووە و بیركارنامەمان پێداوە، ئەمڕۆ لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا تۆمار دەكەین".

ئاماژەی بەوەشدا: "بە ھەر شێوەیەك بێت، دەبێ پێش ھەڵبژاردن ئەو مادەیە ھەڵبوەشێنرێتەوە، ئەگەرنا رێژەیەكی زۆری ھاووڵاتیانی كورد لە دەنگدان بێبەش دەكرێن".

ھ.م