نێیمار لەبارەی سووکایەتییەکانی هاندەرانی پاریس سانجێرمان بێدەنگی شکاند
نێیمار: لەمەودوا یارییەکانی ناو یاریگای خۆشمان بۆ من وەکو ئەوە وایە لە دەرەوەی یاریگای خۆمان بێت
نێیمار دوای بردنەوەکەیان دڵتەنگی خۆی بەو فیکە و سووکایەتیانە راگەیاند کە بە درێژایی یارییەکە هاندەرانی یانەکەی لە دژیان ئەنجام دا، گوتیشی راشکاوانە دەڵێم دەمویست لە پاریس سانجێرمان بڕۆم بەڵام بەداخەوە رێگاین پێنەدام.
دوای تۆمارکردنی گۆڵێکی زێڕین و بەدەستهێنانی بردنەوە بۆ پاریس سانجێرمان، نێیمار داسێلڤا دوای یارییەکە بە توندی وەڵامی هاندەرانی یانەکەی دایەوە، چونکە بە درێژایی یارییەکان هاندەران فیکەیان بۆ لێدەدا و هۆیهایان لێدەکرد و سووکایەتییان بە خۆی و منداڵەکەی و باوکی کرد.
نێیمار بۆ میدیاکان گوتی 'ئەمە یەکەمجارم نییە لەلایەن هاندەرانەوە فیکەم بۆ لێدەدرێت، لە بڕازیل هەر کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆمان یاریمان دەکرد فیکەم بۆ لێدەدرا، پێشتر لە فڕەنساش لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگای خۆمان هاندەرانی تیپی بەرامبەر فیکەیان بۆ لێداوم، بەڵام دڵتەنگ بووم بەوەی ئەمجارەیان لەلایەن هاندەرانی یانەکەم فیکەم بۆ لێدرا، بەهەرحاڵ لەمەودوا یارییەکانی یاریگای خۆمان وادادەنێم یارییەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆمان دەکرێت'.
هەروەها نیمۆ گوتیشی 'دەمەوێت هەمووان بزانن من هیچ شتێکم لە دژی پاریس سانجێرمان و هاندەرانی نییە، بە هۆکارێکی تایبەت بەخۆم دەمویست لە یانەکە بڕۆم و راشکاوانەش داوای رۆیشتنم کرد، بەڵام بەداخەوە رێگایان پێنەدام بڕۆم، من نامەوێت هاندەران لەپێناوی من بێنە یاریگا یان بەناوی منەوە هاوار بکەن، من ئێستا یاریزانی پاریس سانجێرمانم و دەمەوێت لە یاریگا دڵخۆش بم و ئەوەی لە توانامدا بێت بۆ یانەکەمی بکەم، دوایین جاریشە من باسی ئەم بابەتەم بکەمەوە'.