سەرژمێریی گشت پارێزگاکانی عێراق لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

بڕی 200 ملیار دینار بۆ پرۆسەکە تەرخان کراوە

K24 – هه‌ولێر:

کۆبوونەوەی دەستەی سەرژمێری گشتی عێراق بە ئامادەبوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و بڕیاردرا سەرژمێرییەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بۆ تەواوکردنی سەرجەم رێکارە تەکنیکیەکان کۆبووینەوە، تاکو بتوانین لە وادەی دیاریکراو سەرژمێری ئەنجام بدەین کە مانگی 10ی ساڵی 2020 دەبێت".

راشیگەیاند: "تێبینی هەموو پێکهاتەکان بەهەند وەردەگرین و رەچاوی مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەین".

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24، سیروان محەمەد، ئەندامی شاندی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گووتی: "ئەمە کۆبوونەوەی دووەمی دەستەی سەرژمێری گشتییە و کۆبوونەوەی یەکەم چوار مانگ لەمەوبەر کرا".

راشیگەیاند: "بەشێوەیەکی گشتی باس لە پرۆژەکە کراوە، بابەتی بودجە و وەبەرهێنان لە پڕۆژەکە تاوتوێ کرا. هەروەها باسمان لە لۆگۆیەک کرد بۆ سەرژمێرییەکە کە رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت و زمانی کوردی تێدا بێت".

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەکە وەکو پێشوو بە کاغەز ناکرێت، بەڵکو ئەلیکترۆنی دەبێت. کۆبوونەوەی داهاتووش، زووتر ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەش چەند راسپاردەیەکمان پێ سپێردراوە.

کۆتاجارساڵی 1997 سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامدرا کە ناوی 19 ملیۆن کەس بەبێ هەرێمی کوردستان تۆمار کران، لە ساڵانی 2007 و 2010، هەوڵی سەرژمێری لە عێراق درا، بەڵام پرۆسەکە شکستی هێنا، لە ئێستاشدا، حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە بودجەی 200 ملیار دینار، سەرژمێری لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدات.

H.J