ژیلوان حەمەد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا
مانگی داهاتوو ژیلوان حەمەد یەکەم یاریی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات
ژیلوان حەمەد بەفەرمی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا.
یانەی گۆریکای کڕواتی رایگەیاندووە، ژیلوان حەمەدی ئەستێرەی کوردستانی یانەکەیان بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیای 2023 و مۆندیالی 2022 بانگهێشتکراوە و ئەو یاریزانەی پیشووی هۆفینهایمی ئەڵمانی رۆژی 10ی مانگی داهاتوو بەرامبەر هۆنگ کۆنگ یاریی دەکات و پێنج رۆژ دواتریش لەگەڵ شێرەکانی رافیدەین رووبەڕووی کەمبۆدیا دەبێتەوە.
پێشتر ژیلوان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، دوای بێهیوابوونی لە یاریکردنی بۆ هەڵبژاردەی سوید بڕیاری داوە یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات و سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن حکومەتی عێراق و فیفاوە رێکارە یاساییەکانی ژیلوان تەواو کران.
کوڕە رانیەییەکە مانگی داهاتوو یەکەم یاریی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات و پێشتر تەنیا یاریی بۆ تیپی دووەم و لاوانی هەڵبژاردەی سوید کردووە.