زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی بەرز دەبێتەوە

جەی پی مۆرگان پێشبینی دەکات نرخی زێڕ بگاتە 1780 دۆلار

K24 – هه‌ولێر:

زێڕ دووبارە بۆ بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی بەرزبووەوە، کە هۆکارەکەی بڵاوبوونەوەی داتا نەرێنییەکانی ئەوروپایە، هەروەها دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و پەکین جارێکی دیکە وەستاوە، ئەوەش خواستی بۆ کاڵایەنە زیادکردووە کە پەناگەی ئارامن.

گرێبەستە داهاتووەکانی زێڕ بە بڕی 70 دۆلار و بە رێژەی 1.2% بۆ 1532.65 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، گرێبەستە خێراکانیش بە رێژەی 0.5% بۆ 1525.12 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەتەوە.

بەڵام بەرزبوونەوەی زیو بەهێزترە لە زێڕ بە جۆرێک 4.6% بۆ 18.66 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەتەوە، رووبەری بەردەمیشی فراوانە بۆ زیاتر بەرزبوونەوە.

شرۆڤەکاران لە جەی پی مورگان دەڵێن: "هۆکارێک نییە بۆ گەڕانەوەی زیو لە بەرزبوونەوە، لە کاتێکدا لە چەندین پیشەسازیش سوودی لێ دەبینرێت، لە روانگەی ئێمەوە دڵنیاین کانزا گرانبەهاکان خواستی زۆری لەسەر دەبێت، لە کاتێکدا زێڕ بەردەوامدەبێت لە بەرزبوونەوە".

ناتاشا کانتیفا سەرۆکایەتی شرۆڤەکارانە لە جەی پی مۆرگان پێی وایە، لە کۆتایی ئەمساڵدا نرخی ئۆنسەیەک زیو بۆ 22 دۆلار بەرزدەبێتەوە، لە ئاستی 20.91 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی نوێترین داتاکانی Markit پێنوێنی بەڕێوەبەرانی فرۆشتی مانگە لە ئەوروپا دابەزینی تۆمارکردووە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئابووری ناوچەی یۆرۆ گەیشتووەتە لە کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە ئاستی وەستان، لە کاتێکدا چەند مانگێکە پێنوێنەکانی ناوچەی یۆرۆ بە گشتی لە دابەزیندایە، ئەڵمانیاش خاڵی پڕشنگداری ئەوروپایە، و لە گەورەترین دابەزیندایە دوای 2009.

هاوکات شرۆڤەکارانی جەی پی مۆرگان دەڵێن، ئەم جووڵە دواییەی زێڕ، قۆناخی یەکەمی دابەزینمان دێنێەوە یاد کاتێک بەو شێوەیە بەرزبووەوە، و خواست بۆ زێڕ و قەواڵەکان و دۆلار زیادی کرد و لە کۆتا رۆژەکانی بەرزبوونەوە، دواتر ئابووری چووە قۆناخی دابەزین".

بەڵام شرۆڤەکاران پێشبینی دابەزینی ئابووری ناکەن، دەڵێن ئەو بەرزبوونەوەیە بەڵگە نییە بۆ دابەزینی ئابووری، بەڵام پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە 1780 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.

هاوکات گرێبەستە داهاتووەکانی پلاتین بە رێژەی 2% بۆ 950.61 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، قازانجی قەواڵە 10 ساڵییەکان بە بڕی 8 خاڵی سەرەکی و 1.67% دابەزی.