پڕۆژەی رووناکی: ماوەی داشکاندنی قەرزەکە درێژ ناکرێتەوە

ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی و ماوەکەش بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە.

 تیمی پڕۆژەی "رووناکی" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی "رووناکی" لە رێگەی سیستمی (ئی پسوولە) تاوەکوو کاتژمێر 12ـی ئەمشەو (پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026)، بەردەوام دەبێت. 

باس لەوەش کراوە، ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت بە شێوەی راستەوخۆ و لەنێو بنکەکان قەرزەکانیان بدەنەوە، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ ئەوەی لەو بڕیارە سوودمەند بن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کاتی کارکردنی فەرمانگەکانی فرۆشتنی وزە لە سنووری هەولێری یەک و دوو، سۆران، پیرمام، کۆیە، خەبات و شەقڵاوە درێژ کراوەتەوە و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە کراوە دەبن. لە بنکەکانی دیکەش دەوام تاوەکوو کاتژمێر 04:00ـی ئێوارە دەبێت.

 پڕۆژەی رووناکی جەختی لەوە کردەوە، ماوەی دیاریکراو بۆ داشکاندنی قەرزەکان بە هیچ جۆرێک درێژ ناکرێتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی پڕۆژەی رووناکی، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی لە بڕیاری داشکاندنی قەرزەکانی پێش پڕۆژەکە سوودمەند بوون، گەیشتووەتە زیاتر لە 650 هەزار کەس و سەرجەم قەرزەکانیان داوەتەوە.

پڕۆژەی رووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی کارەبا. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە دابینکردنی کارەبای نیشتمانییە بە شێوەی بەردەوام و 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان، هەروەها رێکخستنەوەی سیستمی پێدانی وزە و نەهێشتنی سەرپێچییەکانە لەسەر تۆڕەکانی کارەبا.

بۆ هاندانی هاووڵاتییان و ئاسانکاریکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بە داشکاندنی رێژەی 50% لەو قەرزانەی کارەبا لای هاوبەشان کەڵەکە بوون. ئەم بڕیارە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیبوو لە کاتی خۆیدا پارەی پسوولەکانیان بدەن.

هاوکات بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین و کارئاسانی، وەزارەتی کارەبا سیستمی (ئی پسوولە)ـی کارا کرد، تاوەکوو هاووڵاتییان بتوانن لە رێگەی مۆبایل و هەژمارە بانکییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیانەوە قەرزەکانیان بدەنەوە بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانیکردنی فەرمانگەکانی حکوومەت بکات. ئەم هەنگاوانە بوونە هۆی کۆکردنەوەی بڕێکی زۆر لە داهاتی گەڕاوە بۆ خەزێنەی گشتی و رێکخستنەوەی دۆخی دارایی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان.