لە لەندەن سەدان گەشتیی ئاسمانی دیکە هەڵوەشێنرانەوە
گەشتیاران لە بەریتانیا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی نزیکەی 400 گەشتی ئاسمانی دیکە لە سەرانسەری وڵاتەکە، رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە دەزگای چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانیی بەریتانیا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەیەکی تەکنیکییە و پێی وایە رووداوەکە پەیوەندی بە هێرشی ئەلیکترۆنییەوە نەبووە.
دەزگای چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، دوێنێ چوارشەممە، 399 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی پێشتر 1,746 گەشت بەهۆی هەمان کێشەی تەکنیکییەوە هەڵوەشێنرابوونەوە، کۆمپانیای سێریۆم، کە تایبەتمەندە بە گەشتوگوزاری ئاسمانی رایگەیاند، زۆربەی گەشتە هەڵوەشێنراوەکان پەیوەست بوون بە فڕۆکەخانەی هیسرو لە لەندەن، کە یەکێکە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا.
رێکخراوی ئێرلاینز یو کەی رایگەیاند، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی ماوەی دوو رۆژی خایاندووە، زیاتر لە 330 هەزار گەشتیار تووشی ئاستەنگی بوون، لەو ژمارەیە گەشتی 155 هەزار کەسیان هەڵوەشێنراوەتەوە، لە کاتێکدا نزیکەی 180 هەزار گەشتیاری دیکە رووبەڕووی دواکەوتنی گەشتەکانیان بوونەتەوە.
مارتن رۆڵف، سەرۆکی دەزگای خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکانی ئاسمانی سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە گوتی "هیچ هێرشێکی ئیەلیکترۆنی نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە".
رۆڵف بە بی بی سی رایگەیاند: "پێمان وانییە ئەوە هێرشێکی سیبرانی بووبێت". رۆڵف روونیکردەوە کە دەزگاکە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەکنیکیی رووداوەکە دەکات.
کۆمپانیای بریتیش ئێروێیز رایگەیاند، بەهۆی ئەو رووداوەوە ناچار بوون نزیکەی 550 گەشت هەڵبوەشێننەوە، کە 200 گەشتیان تەنیا رۆژی چوارشەممە بووە، کۆمپانیاکە ئەوەشی روونکردەوە، ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر 85 هەزار گەشتیار هەبووە.