شاندێكی ھەرێمی كوردستان و ئێران تاوتوێی بەرەوپێشبردنی كاری دەروازەكان دەكەن
"گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی گرفتەكان دەكەین"
K24 - چۆمان
ئەمڕۆ شاندێكی بازرگانی و ئیداری ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، لە حاجی ئۆمەران گفتوگۆ لەسەر بەرەوپێشبردنی كاری دەروازەكان دەكەن.
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرپەرشتی فەرمانداری پیرانشار و پارێزگاری ئورمیە دێتە حاجی ئۆمەران، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر باشتركردنی كارەكانی ئەو دەروازە سنوورییە و نەھێشتنی گرفتەكان بكەین".
راشیگەیاند: "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ھەموو رووێكەوە زۆر باشە و ھەوڵدەدەین بەرەو باشتری ببەین".
ھەروەھا ئەحمەد قادر، قایمقامی چۆمان بە كوردستان24ی راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی ئێران، بۆ بەرەوپێشبردنی كارەكانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران - مەرزی تەمەرچین، و چارەسەركردنی گرفتەكانە".
ھ.م


