هۆكاری گریانه‌كه‌ی ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئاشكرا بوو
ڤینیسیۆس بۆچی گریا؟

سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا هۆكاری گریانه‌كه‌ی ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبه‌ره به‌رازیلییه‌كه‌ی ریال مه‌دریدی ئاشكرا كرد و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ئه‌و یاریزانه به‌هۆی هانده‌رانه‌وه گریاوه.
ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئه‌ستێره‌ی لاوی یانه‌ی ریال مه‌درید شه‌وی رابردوو به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی له دژی ئوساسۆنا یاری كرد و له خوله‌كی 36 به‌شێوه‌یه‌كی نایاب گۆڵی پێشكه‌وتنی تۆمار كرد، دوای گۆڵه‌كه ده‌ستی كرد به گریان و فرمێسكی زۆری رژاند.
رۆژنامه‌ی ماركا له چاپی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، هۆكاری گریانه‌كه‌ی ڤینیسیۆسی بۆ هانده‌ران گه‌ڕانده‌وه، به‌وپێیه‌ی له‌ده‌ستپێكی یارییه‌كه ڤینیسیۆس چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی كرد و به‌مه‌ش هانده‌ران فیكه‌ی ناڕه‌زاییان له دژی لێدا، بۆیه كاتێك ئه‌و یاریزانه گۆڵی كرد له به‌رده‌م هانده‌ران گریا.
ڤینیسیۆس راسته‌وخۆ دوای یارییه‌كه له تویته‌ر نووسیویه‌تی: ئارامگرتنی زۆر و كاركردنی به‌رده‌وام، بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه له سانتیاگۆ بێرنابیۆ گۆڵ بكه‌م.
ڤینیسیۆس جۆنیۆری ته‌مه‌ن 19 ساڵ، له هاوینی 2018 له یانه‌ی فلامینگۆی به‌رازیلییه‌وه به به‌های 45 ملیۆن یۆرۆ روویكرده ریال مه‌درید، له‌گه‌ڵ یانه‌ی شایانه تا ئێستا 37 یاری كردووه، 4 گۆڵ و 13 ئاسیستی هه‌یه.