ئەنجوومەنی IMF جۆرجێڤا وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار دیاری دەکات
سیاسییەکی راستڕەوی میانگیرە
K24 – ههولێر:
ئەنجوومەنی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی رەزامەندی پیشاندا بە دەستنیشانکردنی کریستالینا جۆرجیڤا شارەزای ئابووری بۆ پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەوەش دەبێتە یەکەم کەسایەتی لە وڵاتە ئابوورییە تازە پێگەیشتووەکان كە سەرۆکایەتی ئەو دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییە بکات، هەروەها دووەم ئافرەت دوای کریستینا لاگارد سەرکردایەتی 189 وڵاتی ئەندامی رێکخراوەکە بکات.
جۆرجیڤا سیاسییەکی راستڕەوی میانگیرە، لە بولگاریا لە ژێر دەسەڵاتی شیوعییەکان گەورە بووە، لە کاتی کارکردنی لە بانکی جیهانی، ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد.
هەروەها لە کۆمیسیۆنی ئەوروپاش کاری کردووە، بە جۆرێک رۆڵێکی دیاری هەبوو لە یەکسانی نێوان رەگەز و هەڵمەتە جیهانییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشو هەوا.
کریستالینا جۆرجێڤیا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوێی سندووقی نەختینەیی دراو تا کانوونی دووەمی ساڵی 2017 بەڕێوبەری جێبەجێکاری بانکی جیهانی بووە، هەروەها کاندید بوو بۆ پۆستی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2016.
لە ساڵانی 2014 تا 2016 جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بووە بۆ بودجە و سەرچاوە مرۆییەکان، هەروەها لە ساڵانی 2010 تا 2014 نوێنەری بولگاریا بووە لە یەکێتی ئەوروپا. هاوکات شارەزا و پسپۆڕی ئابوورییە.
