فیفا رەتیدەکاتەوە دەنگەکانی لە بەرژەوەندی مێسی دەستکاریی کردبێت و میسر و نیکاراگواش پەشیمان دەبنەوە

فیفا داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی دەنگەکانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بکرێت

دەنگۆیەکانی دەستکاریکردنی دەنگەکانی میسر و سوودان و نیکاراگوا بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی ناچارکرد بێتە دەنگ و بە بەیاننامەیەک بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەت بکاتەوە.
دوای ئەوەی خوان بارێرای کاپتنی هەڵبژاردەی نیکاراگوای رەتیکردەوە دەنگی بە لیۆنێل مێسی دابێت بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتەش بەهەمان شێوە گومانی لە ئەنجامی دەنگەکانی خەڵاتی زە بێست کرد.
پێشتریش راهێنەری سوودان بەهەمان شێوە رەتیکردبووەوە بۆ باشترین یاریزان دەنگی بە مێسی دابێت، دەنگی هەریەکە لە راهێنەر و کاپتنی میسریش بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان هەژمار نەکرابوو، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی محەمەد سەڵاح کە پلەی چوارەمی ریزبەندی باشترین یاریزانەکانی 2019ی بەدەستهێنا.
فیفا لە بەیاننامەیەکی رەتیکردووەتەوە بەهیچ شێوەیەک دەستکاریی ئەنجامی دەنگەکان کرابێت و رایگەیاندووە، کۆمپانیایەیکی سویسڕی وەرگرتن و هەژمارکردنی دەنگەکانی لە ئەستۆ بووە، کە دەنگەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و بە سیوازی نووسراوە رادەست کراون، لە هەردوو نووسراوەکەشدا کەسی دەنگدەر و فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە واژوویان لەسەر نووسراوی دەنگەکان کردووە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نیکاراگوا هەرزوو دانی بە هەڵەی خۆی دانا و داوای لێبوردنی کرد و ئاشکرایکرد دەنگەکەی خوان بارێرا دەستکاریی نەکراوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسریش دانی بەوەدانا درەنگ دەنگەکانیان ئاراستەی فیفا کردووە، بۆیە لەلایەن فیفاوە دەنگەکانیان هەژمار نەکراوە.
فیفا لە بەیاننامەکەیدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەر جۆرە لێکۆڵینەوەیەک لە ئەنجامی دەنگەکان و دووپاتیشی کردووەتەوە ئەگەر بزانێت هەر سەرپێچییەک کراوە بە توندترین شێوە سەرپێچیکاران سزا دەدات.

بەیاننامەکەی فیفا
بەیاننامەکەی فیفا