نێیمار: کێشەی نێوان من و هاندەرانی پاریس سانجێرمان کۆتایی هاتووە
نێیمار: ئامادەم گیانی خۆم بکەمە قوربانی پاریس سانجێرمان
نێیمار داسێلڤا رایگەیاند کێشەی لەگەڵ هاندەرانی پاریس سانجێرمان کۆتایی هاتووە و ستایشی مباپێشی کرد کە لە دوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی مباپێ لە یەکەم یاریی گۆڵێکی بۆ نێیمار دروستکرد.
دوای ئەوەی بە گۆڵێک لە دژی بۆردۆ بردنەوەی بۆ پاریس سانجێرمان بەدەستهێنا، نێیمار داسێلڤا لە لێدوانێکیدا گوتی 'بێگومان ئێستا پەیوەندیم لەگەڵ هاندەرانی پاریس سانجێرمان باشترە، پەیوەندی من لەگەڵ هاندەرانی پاریس سانجێرمان وەکو پەیوەندی کوڕێکە لەگەڵ خۆشەویستەکەی، لەوانەیە هەندێکجار پەیوەندییەکە خراپ بێت بەڵام دوای ماوەیەکی کەم پەیوەندییەکە پڕ دەبێتەوە لە سۆز و خۆشەویستی، من لێرەم بۆ ئەوەی یارمەتی پاریس سانجێرمان بدەم و بە ئەرکی خۆم هەڵبستم، ئامادەم لە یاریگا گیانی خۆم لەپێناوی یانەکەم بکەمە قوربانی، بێگومان هەمووان بەبۆنەی سەرکەوتنمان ئاهەنگ دەگێڕن'.
هەروەها نێیمار لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ مباپێ گوتی 'پەیوەندیم لەگەڵ مباپێ زۆر باشە، ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، دوای یارییەکەمان مباپێ دانی بەوەدانا دەیتوانی پاسی زیاترم لە یارییەکە پێبدات، دڵخۆشم بە گەڕانەوەی لە پێکانەکەی، هەر کاتێک یاریی لەگەڵ بکەی هەموو شتێک ئاسان دەبێت، هەموو یاریزانێک هیوا دەخوازێت یاریی لەگەڵ بکات'.
نێیمار سێیەم یارییە گۆڵی بردنەوە بۆ پاریس سانجێرمان تۆمار دەکات و تاکو ئێستا لە خولی فڕەنسی لە کۆی چوار یاریی 9 خاڵی بۆ پاریس سانجێرمان بەدەستهێناوە.