له‌ لوبنان خۆپیشاندان لە دژی داتەپینی دۆخی دارایی بەڕێوەچوو

خۆپیشاندەران ژمارەیەک شەقامی سەرەکی بەیرووتی پایتەختیان گرتووە

K24 – هه‌ولێر:

لە دژی گەندەڵی و داته‌پینی دۆخی ئابووری لوبنان. خۆپیشاندەران ژمارەیەک شەقامی سەرەکی بەیرووتی پایتەختیان گرتووە.

خۆپیشانده‌ران دەستیان کردووە بە سووتانی تایەی ئۆتۆمبێل و ئەوەش پایتەختی دووچاری ئیفلیجبوون کردووە، بە جۆرێک چەندین شەقامی خێرا لە ناوچەکانی دیکە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لوبنان لە ژێر قەرزێکی قورسدایە، ئەوەش وایکردووە سەرمایەی پێویست بۆ پارەدارکردنی حکومەت سستبێتەوە، کە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەشێکی زۆری ئابووری لوبنان پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت، هاوکات چەندین ساڵە ئابووری وڵاتەکە لە خاوبوونەوە و دابەزینی گەشەدایە.

لەم ماوەی دواییدا ئەو قەیرانە داراییە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر چەندین کەرتی ئابووری وڵاتەکە هەبووە، بە جۆرێک وێستگەکانی سووتەمەنی بۆ ماوەی رۆژێک مانیان گرت، چونکە نەیاندەتوانی دەستیان بە دراوی قورس بگات بە نرخی ئاڵووگۆڕی فەرمی بۆ هاوردەکانیان، هەروەها خاوەن ئاشەکانیش بە هەمان شێوە بەهۆی قەیرانی دارایی مانیان گرت.

لەلایەکی دیکەوە، ئاڵوگۆڕی دراوی بیانییەکان لە دەرەوەی وڵات گوشاری خستە سەر یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی لوبنان.

هاوکات بانکی ناوەندی لوبنان رایگەیاندووە، راگەیاندراوێک بۆ بانکەکان بڵاودەکاتەوە بۆ دابینکردنی دراوی قورسی پێویست بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی و گەنم و دەرمان.