عێراق تا 2020 بەرھەمھێنانی گازی وشك بۆ 1.6 ملیار پێ سێجا زیاد دەكات
عێراق دەیەوێت رێگە لە بەھەدەرچوونی غازی سروشتی بگرێت
K24 - ھەولێر
عێراق لە پلانیدایە تا ساڵی 2020 پێداویستی وڵاتەكەی لە گازی وشك پڕبكاتەوە و رێگە لە بەھەدەرچوونی غازی سروشتی بگرێت.
كۆمپانیای گازی باشوور ئاشكرای كرد، لە پلانیدایە ئاستی بەرھەمھێنانی گازی وشك بۆ ملیارێك و 600 ملیۆن پێ سێجا زیاد بكات و بەو جۆرەش تاوەكو ساڵی 2020 پێداویستی وڵاتەكەی پڕدەكاتەوە.
كۆمپانیاكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشداوە، تێكڕای وەبەرھینانی راستەوخۆ لە گازی وشكدا كە لە ئەنجامی نەوتی خاوی كێڵگەكانی ئیبن عومەر و ئەلناسرییە و مەجنون دەردەھێنرین، گەیشتووەتە نزیكەی 150 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێكدا.
ھاوكات بەرھەمھێنانی كۆمپانیای گازی بەسڕە لە رێگەی پڕۆژەیەكی ھاوبەشی نێوان گازی باشوور و ھەردوو كۆمپانیای شێل و میتسوبیشی، نزیكەی 900 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی تێپەڕاندووە لە رۆژێكدا كە لە كێڵگەكانی رومێلە و زوبێر و رۆژئاوای قورنە یەكەوە تۆماركراوە، بەوەش كۆی بەرھەمھێنان دەگاتە ملیارێك و 50 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی رۆژانە.
ھ.م