كەسێك بە تۆمەتی فێڵكردن لە 32 كچ و كوڕ لە دھۆك دەستگیر كرا
"بە دەنگی كچان قسەم لەگەڵ كوڕان دەكرد و وێنە و ڤیدیۆیان بۆ دەناردم"
K24- ھەولێر
تۆمەتبارێك لە دھۆك دەستگیر كرا، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فێڵی لە 32 كوڕ و كچ كردووە، جگە لە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكان پارە و كارتیشی لێوەرگرتوون.
ھێمن سلێمانی، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆك رایگەیاند: "ھێزەكانی پۆلیس لە دھۆك توانیان تۆمەتبارێك دەستگیر بكەن، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فێڵی لە كچ و كوڕان كردووە و وێنە و ڤیدیۆیی لێوەرگرتوون، دواتر وێنە و ڤیدیۆكانی وەك ھەڕەشە لە دژ بەكارھێناون".
گوتیشی: "ئەو تۆمەتبارە بە دەنگی كچان قسەی لەگەڵ كوڕان كردووە، دوای دەستگیر كردنی دانی بە تاوانەكاندا ناوە".
تۆمەتبارەكە لەكاتی دانپێدانانی دەڵێ: "من لە فەیسبووك و ئینستگرام شارەزام، بەناوی كچانەوە دەچوومە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ھەموو جۆرە ڤیدیۆییەكم لە كچان وەردەگرتن، دواتر بۆ كوڕانم دەنارد تا بڕوایان پێبێنم".
دەشڵێت: "زیاتر لە 12 كچی ھاوڕێم ھەبوو كە باوەڕیان پێدەكردم لەگەڵ زیاتر لە 20 كوڕ، كە بە دەنگی كچان قسەم لەگەڵ دەكردن و پارە و كارتم لێوەردەگرتن".
ھ.م