خالید شوانی: هەولێر و بەغدا لیژنە لەبارەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان پێکدەهێنن
"ناکرێت واقعی ئێستا بەسەر کەرکووکدا بسەپێندرێت"
K24 - ھەولێر
خالید شوانی، وەزیری هەرێم لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان لیژنە لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکبهێندرێت.
گوتیشی "بە بەغدامان راگەیاندووە ناکرێت لە بارودۆخی ئێستا سەرژمێری لە کەرکووک ئەنجامبدرێت و ئەو واقعیەی ئێستا بەسەر کەرکووک بسەپێنن".
خالید شوانی، ئاماژەی بەوەشدا "کەرکووک رووبەڕووی تەعریب کردنێكی بە پلان بووەتەوە و عەرەبی هاوردە گەڕێندراونەتەوە ئەو شارە، ھەوڵی زۆری گۆڕینی دێمۆگرافیای كەركووك دەدرێت و ھەڵی بچووكردنەوەی پێگەی كورد لە كەركووك دەدرێت".
راشیگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس كردووە، بڕیارە سەر لەنوێ لیژنە دروست بكرێت بۆ چارەسنووسی یەكجارەكی چارەنووسی ناوچەی جێناكۆكەكان ماددەی 140 كارا بكرێتەوە، ئەمە پێویستە بەرنامەی بۆ دابنرێت و لە دانوستانەكان لەگەڵ عێراق بكرێتە نەخشەرێگای چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانە".
لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق خالید شوانی گوتی: "وەك كورد لە كەركووك ئێستا رووبەڕووی دوو پرۆسە دەبینەوە، یەكێكیان ھەڵبژاردن، كە ھەنگاوێكی پیرۆز نراوە كە ھەموو ھێزە كوردییەكان بە لیستێكی ھاوبەش بەشداری دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە خۆئامادەكردن و دانانی پلانە، پرۆسەیەكی دیكە سەرژمێرییە كە بڕیارە لە كەركووك ئەنجامبدرێت، ئێمە بە راشكاوی گوتومانە ناكرێت سەرژمێری لە كەركووك ئەنجامبدرێت لەكاتێكدا بیانەوێت ئەم واقیعەی ئێستا لە كەركووك ھەیە بیسەپێنن و بیكە واقیعی راستەقینەی كەركووك، چونكە ئەو دوو ساڵە پرۆسەی بە عەرەبكردنی كەركووك دەستیپێكردوەتەوە، ئەو پرۆسەیە پڕە لە مەترسیی و دەبێ بە بەرنامە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین".
ھ.م