وەزیری پەروەردە لەبارەی پشووی رۆژانی شەممە روونكردنەوە دەدات
"پاكێجەكانی وەزارەتی پەروەردە تاوتوێ دەكرێن"
- ھەولێر
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، كە لەبەر چەند ھۆكارێك ناتوانن رۆژانی شەممە لە ناوەندەكانی خوێندن بكەن بە پشووی فەرمی.
وەزیری پەروەردە گوتی: "گرنگە كە روونی بكەینەوە بۆچی رۆژانی شەممە ناكرێتە پشوو، ئێمە كارێك ناكەین كە زیان بە پرۆسەی خوێندن بگەیەنێت. دەوامی قوتابخانەكان لە بەیانیان لە كاتژمێر 8ی بەیانی تا 12 یان 12:20 خولەكە، ئەگەر كۆی گشتی وەربگرین دەتوانرێت لە ھەفتەیەكدا 24 تا 25 كاتژمێر دەوام بكرێت، ئەگەر رۆژی شەممە بكرێتە پشوو پێنج رۆژ دەمێنێتەوە ئەوا لە ھەفتەیەكدا قوتابخانەكان 21 كاتژمێر دەوام دەكەن".
لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست، ئالان حەمە سەعید رایگەیاند: "لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەوە راسپێردراوین كە لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان لەسەر پاكێجەكانی وەزارەتی پەروەردە كۆببینەوە، پێداویستییە گشتییەكان دەخەینەروو دواتر بە بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەكرێتەوە، كە یەكێك لە تەوەرەكان پەیوەندیدارە بە مامۆستایانی گرێبەست".
ھ.م