دەست بەسەر زیاتر لە 15 كیلۆ مادەی ھۆشبەر دا گیرا
شەش تۆمەتبار دەستگیر كران
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكان لە ھەرێمی كوردستان، دەستی بەسەر 15 كیلۆ و 50 گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری كتامین داگرت.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكان ئاشكرایكرد، كە لەلایەن ئەفسەر و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كۆمەڵگەی حاجی ئۆمەران، تواندراوە دەست بەسەر 15 پازدە كیلۆ و 50 پەنجا گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری كتامین، لەگەڵ دەستگیركردنی شەش تۆمەتباری ئێرانی كە یەكێكیان ئافرەتە و ماددەكەیان لەناو جانتای جل و بەرگ حەشاردابوو.
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، شەش تۆمەتبارەكە وەك باندێكی رێكخراو ئەم ماددە ھۆشبەرەیان لە رێگەی سنووری حاجی ئۆمەران ناردووە و یەكەمجاریشە ئەم ماددە ترسناكە رەوانە بكرێت و ئێستاش تۆمەتباران رەوانەی دادگا كراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە.
ھ.م