پێنتاگۆن وەڵامی هەڕەشەکانی ئەردۆغان دەداتەوە
ئەردۆغان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی فوراتی کردبوو
K24 – ههولێر:
گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت، هەر ئۆپەراسیۆنێکی تاکلایەنەی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا.
شۆن رۆبێرتسۆن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتن گرنگی بە سەرکەوتنی رێککەوتنی ناوچەی ئارام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەدات و ئەو رێککەوتنەش باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەکە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتیشی هەر ئۆپەراسیۆنێک بەبێ هەماهەنگی ئەوان لە رۆژهەڵاتی فورات جێگەی نیگەرانی ئەوانە و دەشبێتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و نائارامی بە دوادا دێت.
دوێنی شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سووریای کرد ئەگەر بێت و نەخشە رێگای دروستکردنی ناوچەی ئارام دروست نەکرێت، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش، هەسەدە، هەڕەشەی راگەیاندنی جەنگی لە "هەموو لایەک" دژ بە تورکیا کرد ئەگەر بێت و سوپاکەی ئەنقەرە هێرشبکاتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی فورات.
H.J