لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و دژایه‌تی یه‌كتر نه‌كه‌ن

ژمارەی لایەنە سیاسیەکانی هاوپەیمانی کوردستانی گەیشتە 23 لایەن

K24- هه‌ولێر:

جگە لە یەکگرتوو زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی بەشداربووی هاوپەیمانی کوردستانی بەشداری چوارەمین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیەتیەکەیان کرد، کە تایبەت بوو بە نوسینەوەی دروشم و بەرنامەی کاری هاوپەیمانیەتیەکە.

عه‌دنان كه‌ركووكی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووك گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: دروشمەکانی هاوپەیمانیەتیەکە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز دەبێت، بەرنامەی کاری هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ش جێبەجێکردنی ماددەی 140 و خزمەتگوزاری و چاککردنی دۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانە.

هاوكات لایەنە سیاسیەکان لە هەوڵدان میدیاکانیان رێك بخەن و بانگەشەی هەڵبژاردن  پێکەوە بکەن، بە جۆرێك لە راگەیاندنەکان هەڵمەتی بانگەشە دژی یەکتر بەکار نەهێنن و هەوڵ بدەن زۆرترین هاوڵاتی بەشداری دەنگدان بکات، دەرگای هاوپەیمانیەتیەکەش بۆ ئەو لایەنە سیاسیانە کراوەیە، کە دەیانەوێت بچنە ناو هاوپەیمانی کوردستانی.

بریار بوو رۆژی 5ی 10ی2019 دوا وادەی تۆماری هاوپەیمانی بێت لە کۆمیسیۆن، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، کۆمیسیۆن وادەکەی بۆ 20ی ئەم مانگە درێژکردەوە و ژمارەی لایەنە سیاسیەکانی هاوپەیمانی کوردستانیش گەیشتە 23 لایەن، کە بەشێك لە پێکهاتەکانیش چوونەتە نێو هاوپەیمانیەتیەکە.

H.B