12مین كۆنگرە و پێشانگای ھەنگەوانانی عەرەب لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت
كۆنگرەكە بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 بەڕێوەدەچێت
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە 12مین كۆنگرە و پێشانگای ھەنگەوانانی عەرەب و لە ھەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان و پارێزگای ھەولێر و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیكە بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 دەستیپێكرد.
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كۆنگرەكە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، تیادا جێگە لە ھەنگاوانانی كوردستان، ھەنگەوانانی 20 وڵات لە كیشوەرەكانی ئاسیا و ئەوروپا ئەفریقیا ئامادەی كۆنگرەكە دەبن و بەرھەمەكانی خۆشیان نمایش دەكەن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ھەرێمی كوردستان لە وتارێكدا گوتی: "كەرتی كشتوكاڵ لە ھەرێمی كوردستان گەشەی كردووە، بەڵام پێیوستی بە ھەنگاوی زیاتر و بۆ ئەمەش زەمینە لەبارە".
راشیەگەیاند: "لە كارنامەی ئەم كابینەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ دراوە و بەروونی نیەتی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، بۆ گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ دركی پێدەكرێت".
عەبدولرەحیم عومەر، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەو پێشانگایەدا توێژینەوە زانستییەكان لەبارەی بەخێوكردنی ھەنگ نمایش دەكرێن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، ھاوكات پێشبڕكێ بۆ جۆری ھەنگوینی وڵاتان دەكرێت. تائێستا ھەنگوینی ھەرێمی لە چوار پێشانگا لەسەر ئاستی جیھان پلەی یەكەمی بە دەستھێناوە".
ھ.م