عەبدولمەھدی ئەمەریكا لە دۆخی عێراق دڵنیا دەكاتەوە
عەبدولمەھدی بۆ پۆمپێیۆ: دۆخی عێراق ئاسایی بووەتەوە
K24 - ھەولێر
سەرۆكوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، دۆخی عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و ژیانی ئاسایی لە بەغدا دەستیپێکردووەتەوە.
هەروەها سەرۆکوەزیران فەرمانی بە سوپا کردووە، لە ناوچەی سەدری بەغدا پاشەکشە بکەن و ئیدارەی ناوچەکەش رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکەنەوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، عادل عەبدولمەھدی و مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و باسیان لە بارودۆخی ئەمنی عێراق كردووە.
سەرۆکوەزیران جەختیكردووەتەوە، حكوومەت داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەكات و لە رۆژانی داھاتوودا بەردەوام دەبێت لە رێكارەكانی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری.
سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەکان بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق سەعد مەعن، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی بەغدا و شارەکانی دیکە 6 هەزار و 107 کەس برینداربوون، هەروەها 104 کەسیش لە خۆپیشاندانەکان کوژراون، هەرچی ژمارەی کوژراوان و بریندارانی هێزە ئەمنییەکانیشە 2241 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون و 8 کارمەندی دیکەش کوژراون.
لەبارەی شەڕوپێکدادانەکەی ناوچەی سەدری بەغدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە عادل عەبدولمەھدی فەرمانی كردووە تەواوی یەكەكانی سوپای عێراق لە ناوچەی سەدری بەغدا بكشێنەوە و ئیداری ناوچەکەش رادەستی پۆلیس بكەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو فەرماندە و ئەفسەرانە سزا دەدەن، کە لەو هەڵەیە تێوەگلاون.
ھ.م