سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌سه‌ده: ئه‌گه‌ری دانوستانكردن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق و مۆسكۆ له‌ئارادایه
"بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی له‌دوای ئه‌مه‌ریكا ده‌مێنێت له‌گه‌ڵ دیمه‌شق و مۆسكۆ گفتوگۆ ده‌كه‌ین"
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی رۆیته‌رز له سه‌ركرده‌یه‌كی كوردی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له رۆژئاوای كوردستان گواستییه‌وه، پێشبینی ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ره‌یه‌ك له دیمه‌شق و مۆسكۆ ده‌ست به دانوستان بكه‌ن، بتوانن به‌یه‌كه‌وه ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه پڕبكه‌نه‌وه، كه له دوای كشانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ر سنووری سووریا له‌گه‌ڵ توركیا درووست ده‌بێت.
به‌دران چیا كورد، كه سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌سه‌ده‌یه به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ناوچه‌كه‌ی جێهێشت، به تایبه‌ت ناوچه سنوورییه‌كان، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر كه له‌لایه‌ن كورده‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، ناچار ده‌بن په‌نا بۆ هه‌موو بژارده‌یه‌ك ببه‌ن.
گوتیشی: پێشبینی ده‌كرێت له‌و حاڵه‌ته‌دا كورد په‌نا بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له دیمه‌شق و مۆسكۆ ببات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه پڕبكه‌نه‌وه، كه دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا درووست ده‌بێت و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له هێرشی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كه بكه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له حاڵه‌تی درووستبوونی هه‌ر بۆشیاییه‌كی ئه‌منی، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت په‌یوه‌ندی و كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان كورد له لایه‌ك و رووسیا و سووریا له لایه‌كی دیكه‌وه بێنه پێشه‌وه.
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، هه‌ر ئه‌مڕۆ توركیا رایگه‌یاندبوو، ئاماده‌كاریان بۆ هێرشكردنه سه‌ر باكووری سووریا ته‌واو كردووه و ته‌واوی چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازییان ره‌وانه‌ی ناوچه سنوورییه‌كان كردووه.
هه‌ر ئه‌مڕۆش دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، كورد شه‌ڕكه‌ری زۆر باشن و هه‌رگیز پشتگوێ‌یان ناخه‌ن و گوتیشی: له‌سه‌ر هاوكارییه سه‌ربازی و ئابوورییه‌كانیان بۆ كورد به‌رده‌وام ده‌بن.
هاوكات تره‌مپ هه‌ڕشه له توركیاش كرد، كه ئه‌گه‌ر له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یدا زیاده‌ڕۆیی بكات و ئه‌و سنووره ببه‌زێنێت كه بۆیان دیاریكردووه، ئه‌وا ئابووری توركیا رووبه‌ڕووی داڕووخانێكی گه‌وره ده‌كاته‌وه.
H.B