نێیمار: لە بارسێلۆنا مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ مێسی دەکرێت و حیسابێکی تایبەتی بۆ دەکرێت

نێیمار: خەونی من بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالە لەگەڵ بڕازیل

نێیمار داسێلڤا بەبۆنەی ئەنجامدانی یاریی ژمارە 100 بە درێسی بڕازیل رایدەگەیەنێت خەونی ئەوەیە نازناوی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەدەست بهێنێت و پێشیوایە ئاساییە لە بارسێلۆنا مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ مێسی بکرێت.

نێیمار بەبۆنەی ئەنجامدانی یاریی ژمارە 100 بە درێسی بڕازیلەوە گوتی '10 ساڵە لە ریزەکانی هەڵبژاردەی بڕازیل یاریی دەکەم، لەوەتەی یاریی بۆ هەڵبژاردەکەم دەکەم هەمیشە بەرپرسیارەتیم لە ئەستۆدا بووە، هەمیشە یەکێک بووم لەو یاریزانانەی کە لە هەڵبژاردەکە بەشێکی گرنگ بووم و لە ژێر فشاردابووم، من هەرگیز لە بەرپرسیارەتی راناکەم، ئەگەر بۆ خولەکێک بوەستیت و بیری لێ بکەیتەوە بۆت دەردەکەوێت من بە تەواوەتی بە رۆڵی خۆم هەڵساوم و ئەرکی سەرشانی خۆم بەجێگەیاندووە.
هەروەها نیمۆ لەبارەی ئەوەی لە بڕازیل مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ دەکرێت گوتی 'پێموایە نابێت یاریزانەکانی دیکەی بڕازیل بەخیلی بە من ببەن، من بە باشی لەوە دەگەم کە بۆچی مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ هەندێک یاریزان دەکرێت، کاتێک منیش لە بارسێلۆنا بووم مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ مێسی دەکرا و پێگەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو، ئایا ئەمە بەهۆی ئەوە بوو کە مێسی قۆزە؟ نەخێر، بەڵکو پەیوەندیی بەوە هەبوو مێسی یارییەکانی بۆ بارسێلۆنا یەکلادەکردەوە، دڵنیام کاتێک مێسی لە تیپی لاوان بووە هەمان مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە، بەڵام مێسی بە تێپەڕبوونی کات وایکردووە حیسابێکی تایبەتی بۆ بکرێت، من لێرە باسی خۆم ناکەم، بەڵام پێموایە ئاساییە مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ هەندێک وەرزشوان بکرێت'.
دڵخۆشی خۆشی بە ئەنجامدانی یاریی ژمارە 100 بە درێسی سێلیساو دەربڕی و گوتی 'من بە یاریکردنم لە بڕازیل و پاریس سانجێرمان دڵخۆشم راستە هاوینی رابردوو حەزم دەکرد لە پاریس سانجێرمان بڕۆم، بەڵام ئێستا زۆر لە یانەکە دڵخۆشم و پێموایە دەستپێکێکی باشمان لەم وەرزە هەیە، خەونیشم ئەوەیە بتوانم لەگەڵ بڕازیل نازناوی مۆندیال بەدەست بهێنم'.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 03:00 بڕازیل لە یارییەکی دۆستانەدا رووبەڕووی سێنیگال دەبێتەوە.