کلاودیۆ مارکیزیۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکات

کلاودیۆ مارکیزیۆ: شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەرپرسیارن لە هەر قوربانییەک

کلاودیۆ مارکیزیۆی ئەستێرەی بەناوبانگی تۆپی پێی ئیتاڵی ئیدانەی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە بەرامبەر بێدەنگبوونی شەرمەزار دەکات.

کلاودیۆ مارکیزیۆی ناوەڕاستکاری پێشووی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی کە سەرەتای ئەم مانگە وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند، لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان وێنەیەکی سوپای تورکیا و منداڵێکی داناوە و نووسیویەتی '‘دوای 77 ساڵ، ئەمڕۆ بۆمبارانکردنی تورکیا بۆ سەر کوردانی سوریا دەستیپێکردووە کە شەرمەزارییە بۆ تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرپرسیارن لە هەر قوربانییەک'.

ماوکیزیۆی 36 ساڵان کە لە ساڵانی 2009 تاکو 2017 بە درێسی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا 55 یاریی نێودەوڵەتی کرد و پێنج گۆڵیشی کرد، لە پۆستەکەی لە ئینستاگرام گوتەیەکی ئانە فڕانکی خانمەمێژوونووسی بەناوبانگی جولەکەی داناوە و نووسیویەتی 'دەبینم کە هێواش هێواش زەوی دەبێت بە بیابان، بەرە بەرە دەنگی هەورە تریشقەکان لە ئێمەش نزیک دەبێتەوە و وێرانمان دەکات، هەست بە ئازاری ملیۆنان کەس دەکەم، ئەمە وتەی ئانە فرانکە لە یادنامەکەیدا کە ساڵی 1942 نووسیویەتی'.

کلاودیۆ مارکیزیۆ پێشتر یاریی بۆ یانەکانی ئیمپۆلی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و زێنیت سان پیتەربۆرگی رووسی کردووە و بەهۆی پێکانەوە سەرەتای ئەم مانگە بڕیاری دا بەیەکجاریی واز لە یاریکردن بهێنێت.

پۆستەکەی کلاودیۆ مارکیزیۆ لە ئینستاگرام
پۆستەکەی کلاودیۆ مارکیزیۆ لە ئینستاگرام