له رۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانه
دژی له‌شكركێشی توركیا
K24 – هه‌ولێر:
سه‌دان هاووڵاتی كورد له ناوچه جیاجیاكانی باكووری سووریا و خۆرهه‌ڵاتی فورات(رۆژئاوای كوردستان)ـه‌وه روویان كردووه‌ته ناوچه‌كانی هاوسنووری توركیا بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان دژی له‌شكركێشی سوپای توركیا بكه‌ن.
هاووڵاتیان له قامیشلۆ، سه‌رێ كانی، گرێ سپی هاوسنووری توركیا گردبوونه‌ته‌وه و ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن دژی هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مه‌ریكی بۆ سوپای توركیا تا هێرش بكاته سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری كوردی له ناوچه‌كه كۆتایی پێ بهێنێت.
هاوكات توركیا به‌رده‌وامه له گواستنه‌وه‌ی چه‌كوچۆڵی سه‌ربازی زیاتر بۆ ناوچه سنوورییه‌كان.
هه‌ڵایسانی شه‌ڕ و هێرشی سه‌ربازی سوپای توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوا تا دێت مه‌ترسییه‌كانی زیاتر ده‌بن.
رووداوه‌كان به شێوه‌یه‌كی دراماتیكی گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات، دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری دا هێزه‌كانی له سووریا بكشێنێته‌وه.
هاوكات كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌وان ده‌ستتێوه‌ردان ناكه‌ن و رێگری له له‌شكركێشی سوپای توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا ناكه‌ن.
ئه‌مڕۆش سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له په‌یامێكدا كه له تویته‌ر بڵاویكرده‌وه، رایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رۆژئاوای كوردستان له مه‌ینه‌تی زیاتر بپارێزین و ناوچه‌كه تووشی شه‌ڕ و كاره‌سات نه‌بێته‌وه.