لە ھەولێر و سلێمانی دژی ھێرشەكانی توركیا خۆپیشاندانە

داوای راگرتنی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەكەن

K24 - ھەولێر

لە ھەولێر و سلێمانی دژی ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانە و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكرێت كە فشار بخاتە سەر توركیا، بۆ ئەوەی ھێرشەكانی بوەستێنێ.

پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ژمارەیەك لە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لە ھەولێر لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان خۆپیشاندانێكیان رێكخستوو داوا دەكەن ھێرشەكانی توركیا بۆسەر شارەكانی رۆژئاوای كوردستان بوەستێندرێن".

یەكێك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكەی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "رێگەدان بە توركیا بۆ ئەوەی ھێرش بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان دوورە لە بەھا مرۆڤایەتییەكان و دیموكراسی كە وڵاتە زلھێزەكانی جیھان باسی دەكەن".

ھاوكات دیار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ژمارەیەك لە ئاوارەكانی رۆژئاوا و خەڵكی سلێمانی دژی ھێرشەكانی توركیا لە شەقامی سەھۆڵەكە گردبوونەتەوە و داوای راگرتنی ھێرشەكانی توركیا دەكەن".

ھ.م