مەسەدە نیگەرانییەكانی دەگەیەنێتە نەتەوە یەكگرتووەكان
مەسەدە داوا دەكات نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە كۆمیتەی دەستوور جێگیر بكرێت
K24 - ھەولێر
مەسەدە لەبارەی پەراوێزخستنی ئەوان لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا نامەیەك ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەو ھەنگاوە خزمەت بە چارەسەركردنی دۆخی سووریا ناكات و سەركەوتوو نابێت.
ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) لە نامەیەكدا كە ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و گێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریای كردووە و ئاماژە بەوە دەكات، راگەیاندنی كۆمیتەی دەستووری سووریا و دوورخستنەوەی نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، وەك سوپرایزێك دەبینن و ئەو ھەنگاوە خزمەت بە چارەسەركردنی دۆخی سووریا ناكات.
لە نامەكەدا مەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، 30% خاكی سووریا لەژێر دەستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دایە و ھەرێمێكی ئارام و ئاسایشیان دروست كردووە و خزمەت بە سەدان ھەزار ئاوارەی سووری دەكەن و نزیكەی 70 ھەزار چەكدار و بنەماڵەكانیان لەدەستدایە و بە شێوەیەكی راستەقینە شەڕی تیرۆریان كردووە، كەچی بۆچوونیان لە كۆمیتەی دەستوور وەرناگیرێت.
مەسەدە راشیگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر جەخت لە یەكپارچەی خاكی سووریا دەكاتەوە، كۆمیتەی دەستووریش بەبێ نوێنەری ئەوان سەركەوتوو نابێت. بۆیە داوا دەكات پێداچوونەوە بكرێت و نوێنەری ئەوان لە كۆمیتەی دەستوور جێگیر بكرێت.
ھ.م