5 وڵاتی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش هه‌ڵوێستی فه‌رمیی خۆیان له‌باره‌ی هێرشی توركیا راگه‌یاند
هه‌رپێنجیان وڵاتی ئه‌وروپین
K24- هه‌ولێر:
5 وڵاتی ئه‌وروپی له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایان له ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا كرد، هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بوه‌ستێنێت، چونكه وه‌ك جه‌ختیان كرده‌وه، ئه‌و هێرشه كێشه ئه‌منییه‌كانی ناوخۆی توركیا چاره‌سه‌ر ناكات.
له‌مباره‌یه‌وه یۆرگن شۆڵز، جێگری نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌ڵمانیا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به نوێنه‌رایه‌تی هه‌رپێنج وڵاته ئه‌وروپییه‌كه‌ی ئه‌ندام له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی "ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا، به‌لژیكا و پۆڵه‌ندا" و هه‌روه‌ها ئیستونیاش رایگه‌یاند، ئه‌و وڵاتانه له كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا زۆر نیگه‌رانن و له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌نقه‌ره دۆخی ناوچه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات و ده‌بێته هۆی نه‌هامه‌تی زیاتر بۆ خه‌ڵكی سڤیل، وێرای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلێكی دیكه‌ی په‌نابه‌ران له سووریا و ناوچه‌كه به گشتی.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا هه‌ڕه‌شه له‌و ده‌ستكه‌وت و ئه‌نجامانه ده‌كات، كه هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له شه‌ڕی دژ به داعش به‌ده‌ستیهێناون و ئه‌و هێزانه‌ش ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، كه شانبه‌شانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له دژی داعش جه‌نگاون، له‌وانه‌ش "هێزه‌كانی سووریای دیموكرات".
ئه‌و وڵاته ئه‌وروپییانه جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، به‌رده‌وامبوونی كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا ده‌بێته زه‌مینه سازییه‌ك بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش، كه تا ئێستاش چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه و ئه‌وروپاش.
به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌ندامه ئه‌وروپییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش گومان له‌وه‌ش ده‌كات، ئاخۆ ئه‌و ناوچه ئارامه‌ی توركیا له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، له‌گه‌ڵ پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ده‌گونجێت یان نا.
هه‌وره‌ها دووپاتیان له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره گۆڕانێكی دیمۆگرافیای له ناوچه‌كه كرده‌وه و ره‌تیشیان كرده‌وه، به‌شداری له دابینكردنی هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و ناوچه ئارامه‌دا بكه‌ن، كه توركیا بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی ده‌كات.
یۆرگن شۆڵز گوتی: "توركیا هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ی ئه‌وروپایه و له چوارچێوه‌ی ناتۆشدا هاوپه‌یمانه و له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشی به‌شداره، ئێستاش گرنگ ئه‌وه‌یه كۆتایی به قه‌یرانی ناوچه‌كه بهێنرێت، ئێمه دان به رۆڵی سه‌ره‌كی توركیا له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاواره‌كانی سووریادا ده‌نێین. دا‌و له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، گرنگی به پاراستنی خه‌ڵكی سڤیل بده‌ن و رێگه به گه‌یشتنی هه‌موو هاوكارییه سه‌ربازییه‌كان بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی سووریا بده‌ن".
H.B