ناتۆ داوا لە تورکیا دەکات دانبەخۆیدا بگرێت
سکرتێری گشتی ناتۆ هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەخاتەڕوو
K24 – ههولێر:
یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، نیگەرانی خۆمان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی باکووری سووریا گەیاندە تورکیا.
راشیگەیاند: "نیگەرانی خۆمان لەبارەی مەترسی زیاتر ناسەقامگیریی ناوچەکە گەیاندە تورکیا".
ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا لە هەموو وڵاتێک زیاتر قوربانی دەستی "تیرۆرە" و نیگەرانی جددی هەیە، داوا دەکەین دانبەخۆیدا بگرێت.
لەبارەی داعشە دەستگیرکراوەکان، یەنس ستۆڵتنبێرگ گووتی: "نابێت رێگا بدرێت داعشە زیندانییکراوەکان لە سووریا ئازاد بکرێن".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دەبێت هاوپەیمانەکانمان پشتگیریمان بکەن لە ئۆپەراسیۆنەکانمان و تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات.
راشیگەیاند، جیاوازی لە نێوان پەکەکە و یەپەگە نییە و تورکیا وەک یەک تەماشایان دەکات.