"زیاتر لە 60 ھاووڵاتی سڤیل لە رۆژئاوای كوردستان شەھید و برینداربوونە"
نزیكەی 100 ھەزار كەس لە رۆژئاوای كوردستان ئاوارەبوونە
K24 - ھەولێر
مانگی سووری كورد ئاشكرای كرد، لە ماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە 60 كەس بەھۆی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان شەھید و برینداربوونە.
لە راگەیەندراوێكدا مانگی سووری كورد ئاماژەی بەوەدا: "لە ماوەی سێ رۆژی ھێرشەكانی توركیا، زیاتر لە 14 ھاووڵاتی سڤیل شەھید بوونە و زیاتر لە 46 كەسی دیكەش بریندارن".
راشیگەیاند: "لەنێو شەھید و بریندارەكاندا، ژمارەیەكی زۆر منداڵ ھەن".
ئەمڕۆ چوارەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی توركیایە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 100 ھەزار كەس لە رۆژئاوای كوردستان ئاوارەبوونە.
لەبارەی زیانەكانی شەڕڤانان ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) ئاشكرای كردووە، 22 شەڕڤان شەھید بوونە ژمارەیەكی دیكەش بریندارن.
ھ.م