هه‌سه‌ده: هێرشی توركیا نه‌وه‌ستێنرێت پارێزگاریكردن له گه‌له‌كه‌مان گرنگتره له داعشی ناو زیندانه‌كان
"پاراستنی گه‌لی كورد به‌لای ئێمه‌وه له هه‌موو شتێك گرنگتره"
K24- هه‌ولێر:
رێدوور خه‌لیل، به‌رپرسی گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" له‌باره‌ی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان دووپاتی كرده‌وه، تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌ستاندنی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان به‌دی نه‌كراوه و ئه‌وه‌ی هه‌بووه، ته‌نیا هه‌ڵویستی سیاسی وڵاتان بووه.
خه‌لیل له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دووپاتی كرده‌وه، له‌كاتێكدا هه‌زاران چه‌كداری زیندانیكراوی داعشمان له گرتووخانه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵ كردووه و تا ئێستا ئه‌و ئه‌ركه قورسه له ئه‌وله‌ویاتی كاره‌كانمان بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی هیچ هه‌نگاوێك به ئاراسته‌ی وه‌ستاندنی هێرشه‌كانی توركیا نه‌نرێت، ئه‌وا پێشینه‌ی ئه‌ركه‌كه‌مان ده‌گۆڕین، چونكه پارێزگاریكردن له گه‌له‌كه‌مان له هه‌موو شتێك گرنگتره.
رێدوور خه‌لیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هێرشه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، ترس و نیگه‌رانی زۆری لای خه‌ڵكی سڤیل درووست كردووه، چونكه سوپای توركیا كۆمه‌ڵكوژی ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی سڤیلی كورد له رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجام ده‌دات، بۆیه ناچارین به هه‌موو توانایه‌ك به‌رگری له گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین، له‌و پێناوه‌شدا پارێزگاری له یه‌كڕیزی خۆمان ده‌كه‌ین.
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌سه‌ده جه‌ختی كرده‌وه، توركیا بڕیاری ده‌ستپێكردنی ئه‌و جه‌نگه‌ی داواه، به‌ڵام ناتوانێت بڕیاری كۆتاییپێهێنانی بدات.
سه‌باره‌ت به قه‌باره‌ی زیانه گیانییه‌كانیش له ریزه‌كانی شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده، رێدوور خه‌لیل گوتی: "تا ئێستا 45 شه‌ڕڤان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی توركیا و گروپه میلیشیاكان شه‌هید بوونه و نزیكه‌ی 155 شه‌ڕڤانی دیكه‌ش بریندار بوونه".
خه‌لیل سوپاسی هه‌ڵوێستی كۆمكاری عه‌ره‌بی به گشتی و عه‌ره‌بستانی سعوودیه و ئیمارات و هه‌موو ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌ی كرد، كه له كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی كه ئه‌مڕۆ له شاری قاهیره به‌ڕێوه چوو، هێرشی توركیایان بۆ سه‌ر باكووری سووریا شه‌رمه‌زار كرد.
هاوكات سوپاسی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به گشتی و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا به تایبه‌ت كرد، كه به توندی هێرشی توركیا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ن.
H.B