ژنانی كورد بە شیوەن گێران لە تەل تەمەر پێشوازی لە تەرمی شەھید و بریندارەكان دەكەن

ژمارەیەك ھاووڵاتی بەھۆی تۆپباران و بۆردومان شەھیدبوون

K24 - تەل تەمەر

سۆران كامەران، پەیامنێری كوردستان لە ناحیەی تەل تەمەری سەر بە حەسەكە  رایگەیاند: "ئەمڕۆ تەرمی ژمارەیەك شەھید و بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی تەل تەمەر، كە بەھۆی تۆپباران و بۆردومانەكانی توركیا بوونەتە قوربانی".

ژنێك، كە كوڕەكەی شەھیدبووە و ئەمڕۆ تەرمی كچەكەی و كوڕی خوشكەكەشی گەیەندرانە نەخۆشخانە، كە بەھۆی تۆپبارانەوە شەھید بووە، لەبەردەم نەخۆشخانە لەكاتی پێشوازیكردن لە تەرمی شەھید و بریندارەكان بە ھاوارەوە گوتی: "كوا ئەمەریكا و كوا فڕۆكەكانی، با ئەمەریكا لەم ناوچە بڕوات و درۆی لەگەڵ ئێمە كرد، ئەمەریكا پشتیوانی لە كورد ناكات".

ئەو ژنە كە بۆ كوردستان24 دوا گوتیشی: "ئەمەریكا بە ئێمەی دەگوت كورد و عەرەب پێكەوە بژین، توركیا ھیچ ئیشی لای ئێمە نییە بۆچی توركیای ھێنایە ئێرە؟".

ئەكرەم ساڵح، پەیامنێری كوردستان24 گوتی: "ئەو ژنە كە لەبەردەم نەخۆشخانە ھاوار دەكات، كوڕەكەی پێشتر شەھید بووە، ئەمڕۆش تەرمی كچەكەی و كوڕی خوشكەكەی گەیەندرانە نەخۆشخانەی تەل تەمەر".

ھ.م