لیندسی گراهام: هێرشه‌كانی توركیا سوودی بۆ داعش هه‌یه‌

"توركیا وه‌كو هاوپه‌یمانێكی باشی ناتۆ مامه‌ڵه‌ ناكات و سزای قورسی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنین"

K24 - هه‌ولێر:

لیندسی گراهام، گه‌وره‌ سیناتۆری كۆمارییه‌كان له‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و هێرشانه‌ی توركیا له‌ باكووری سووریا (رۆژئاوای كوردستان) ئه‌نجامیان ده‌دات، ته‌نیا سوودی بۆ داعش، ئێران و رووسیا هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ مۆته‌كه‌ بۆ ئیسرائیل.

لیندسی گراهام، له‌ زنجیره‌ تویتێكدا، نوێترین هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی ره‌وشی رۆژئاوا خسته‌ڕوو و پێشوازی له‌ دوایین لێدوانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، كه‌ بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیا، كار له‌گه‌ڵ كۆنگرێس ده‌كات.

ده‌شڵێت: "سه‌رۆك تره‌مپ بڕیارێكی باشیداوه‌ بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ كۆنگرێس، بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیا به‌هۆی هێرش و داگیركاری و تاوانه‌كانی جه‌نگ كه‌ له‌ سووریا ئه‌نجامی ده‌دات".

ئه‌و سیناتۆره‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ توركیا وه‌كو هاوپه‌یمانێكی باشی ناتۆ مامه‌ڵه‌ ناكات.

له‌ باره‌ی سزاكانیش، دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ره‌شنووسی سزاكان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ردوو پارتی كۆماری و دیموكراته‌كان، پشتیوانی باشی لێده‌كرێت.

ده‌شڵێت: "پێویسته‌ رێگه‌ به‌وه‌ نه‌ده‌ین هێرشه‌كانی توركیا ببنه‌ هۆی تێكشاندنی هاوپه‌یمانێكی به‌هاداری وه‌كو كورد و نه‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش".

ئ. م