"ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له گرتووخانه‌كانی سووریا رایانكردووه ئێستا له‌ناو خاكی عێراقن"
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له نێوان چه‌كداره راكردووه‌كانی داعش و هێزه عێراقییه‌كان روویدا
K24- نه‌ینه‌وا:
وته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌به سوننه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئاشكرایكرد، ژماره‌یه‌ك له‌و چه‌كداره زیندانیانه‌ی داعش و خێزانه‌كانیان كه له گرتووخانه‌كانی سووریا رایانكردووه، دزه‌یان كردووه‌ته پارێزگاكانی عێراق.
موزاحم حوێت، وته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌به‌كان تایبه‌ت به ماڵپه‌ڕی كوردستان 24 گوتیشی: "زیاتر له 12 هه‌زار چه‌كداری داعش له گرتووخانه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات زیندانیكراون و له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له 700 چه‌كدار كه زۆربه‌یان سه‌ركرده‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ن، به‌هۆی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان رایانكردووه و خۆیان گه‌یاندووه‌ته ناو خاكی عێراق".
حوێت ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "زۆربه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له زیندانه‌كان رایانكردووه، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته سنووری پارێزگاكانی ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا و ژماره‌یه‌كیشیان به‌ره‌و پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ركووك و دیاله‌وه رۆیشتوون، هه‌وره‌ك به‌شێكیشیان گه‌یشتوونه‌ته سنووری ناحیه‌ی زومار، ره‌بیعه، ته‌ل به‌عاج، قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و سنووری قه‌زای حه‌زر و ئێستا ئه‌و چه‌كدارانه له‌ناو خاكی عێراقن".
هه‌وره‌ها گوتی: "شه‌وی رابردوو له كاتژمێر 9:00ی شه‌و تا 1:00ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان چه‌كداره راكردووه‌كانی داعش و هێزه عێراقییه‌كان له سنووری ناحیه‌ی سنونێی سه‌ر به قه‌زای شنگال روویداوه و كوژراو و برینداریش هه‌ن"، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كان به‌ته‌واوی نه‌زانراوه.
موزاحم حوێت هۆشداریشیدا، "مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم درووست بووه و ده‌كرێت ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش به‌زووترین كات خۆیان له‌و ناوچانه رێكبخه‌نه‌وه و تواناكانیان بۆ بگه‌ڕێنه‌وه".
H.B