ھۆشداریی لەبارەی گواستنەوەی چەكدارانی داعش بۆ عێراق دەدرێت

"نایانەوێت زیندانیکراوانی داعش بگەڕێننەوە وڵاتەكانیان"

K24 - ھەولێر

هۆشداریی لە هەوڵی وڵاتانی ئەوروپا بۆ گەڕاندنەوەی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش، کە  لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات زیندانیکراون بۆ عێراق دەدرێت.

رێکخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، وڵاتانی ئەوروپی نایانەوێت چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش، کە لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) زیندانیکراون بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان، بۆیەش هەوڵدەدەن دەستگیرکراوانی داعش رەوانەی عێراق بکەن.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "دادگاکانی عێراق لە دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی داعش بێلایەن نین، بۆیە هەر وڵاتێکیش پشتیوانی لە هەوڵی گەڕانەوەی دەستگیرکراوانی داعش بۆ عێراق بکات، ئەوا لەو رێکارە نایاساییانەی دادگاکانی عێراق بەشدارە".

ئاماژەی بەوەشداوە، دەستگیرکراوانی داعش لە عێراق رووبەڕووی توندترین شێوازی ئەشکەنجەدان دەبنەوە.