سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ عێراق ره‌وشی سووریا و ناوچه‌كه‌یان تاوتوێ كرد

مارتین هوس ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و پێشمه‌رگه‌ لە شەڕی داعش و داڵده‌دانی ئاواره‌كان به‌رز ده‌نرخێنێ

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشەممە 15/10/2019 سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە مارتین هوس باڵیۆزی یەكێتیی ئەوڕوپا لە عێراق كرد و ره‌وشی سووریا و شه‌ڕی داعش و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان تاوتوێ كرد.

لە دیدارەكەدا كە ڤینسۆ پوپۆ بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوڕوپا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كە تازه‌ لە بەغدا دەستی بە كارەكانی كردووە، پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشكەوتنە ئیجابیانەی لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكە هاتووەتە ئاراوە و هەروەها سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و پەنادان و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان.

باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپای لەباره‌ی بارودۆخی ئێستای سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی نوێی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو دۆخەی كە لە سووریاوە هاتووەتە ئاراوە نیگەرانی و تێبینییەكانی لەسەر ڕەوش و ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا خستەڕوو.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و دروستبوونی كەشی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ئیجابی هەڵسەنگێندرا.

تاوتوێكردنی هەرەشە و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا و ناوچەكە تەوەرێكی تری دیدارە بوو.