مه‌سرور بارزانی و شاندێكی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانیا گفتوگۆ له‌باره‌ی ره‌وشی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن

"ئاڵۆزترکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە لێکەوتەی نەرێنی و نەخوازراوی ئەمنی و مرۆیی لێ دەکەوێتەوە"

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 15/10/2019 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگه‌ڵ شاندێکی باڵای سەربازی بەریتانی بە سەرۆکایەتی سێر جۆن لۆریمەر ڕاوێژکاری باڵای سەربازی بەریتانیا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا چه‌ند پرسێكیان تاوتوێ كرد و پێیانوایه‌ "ئاڵۆزترکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە لێکەوتەی نەرێنی و نەخوازراوی ئەمنی و مرۆیی لێ دەکەوێتەوە"

لە دیدارەکەدا کە جەیمس سۆرنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەبوو. بارودۆخ و پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی عێراق و سوریا تاوتوێ کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە شەڕ و تووندوتیژی لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و پێویستە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن. هەروەها ئاماژە بەوە درا کە ئاڵۆزترکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە لێکەوتەی نەرێنی و نەخوازراوی ئەمنی و مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی عێراقیش کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیانەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرایەوە چونکە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدایە.

شاندی میوان ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بە تایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.