دیجیتاڵ میدیای كوردستان24 "هه‌ساره شینه‌كه" شین ده‌كات
وێبسایتی كوردستان 24 له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌كارهێنه‌ری هه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی داتاكانی (google analytics)، دیجیتاڵ میدیای كوردستان 24 له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌كارهێنه‌ری هه‌یه و خوێنه‌رانی كلیك له‌سه‌ر هه‌واڵ و راپۆرت و بابه‌ته‌كانی ده‌كه‌ن.
وه‌ك له نه‌خشه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، له كۆریای باكوور و چه‌ند وڵاتێكی كه‌می رۆژئاوای ئه‌فریقا نه‌بێت كه یان ئینته‌رنێت تێیاندا نییه یان خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئینته‌رنێت وه‌ك پێویست نییه، له ته‌واوی وڵاتانی جیهان، چاودێری دیجیتاڵ میدیای كوردستان 24 ده‌كه‌ن و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان، رۆژانه بابه‌ته‌كانی ده‌خوێننه‌وه.
شانبه‌شانی وێب سایتی كوردستان 24 (www.kurdistan24.net) سه‌رجه‌م سۆشیال میدیاكانی كوردستان 24 پێگه‌ی جێی باوه‌ڕی خه‌ڵكن و به ملیۆنان جار به‌كارهێنه‌ران به‌شداریی له بابه‌ت و بڵاوكراوه‌كانیدا ده‌كه‌ن و له هه‌ر 250 پۆستێك له هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر له 9 ملیۆن به‌شداریی هه‌یه كه به ئینگه‌یجمه‌ینت ناسراوه. ئه‌وه له كاتێكدایه په‌یجی فه‌رمی كوردستان 24 ، ( 1.6) ملیۆن لایكه و به‌راورد به په‌یجی میدیا ناوداره‌كانی دیكه‌ی جیهان كه هه‌یانه ده‌گاته نزیكه‌ی 50 ملیۆن لایك، به‌شداریی پۆست و ڤیدیۆ و بابه‌ته‌كانی په‌یجی كوردستان 24 له ئاستێكی زۆر به‌رزدایه.

هه‌روه‌ها هه‌واڵه‌كانی ماڵپه‌ڕی كوردستان 24 وه‌ك ئه‌وه‌ی له زۆرترین بینراوی سه‌ر په‌ره‌ی سه‌ره‌كی ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا ده‌توانرێت به ئاسانی ببینرێن، زۆرترین خوێنه‌ر رۆژانه هه‌واڵ و راپۆرت و بابهتهكان ده‌خوێننه‌وه.
كوردستان 24 وه‌ك ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن و توێژینه‌وه، له ماوه‌ی كه‌متر له چوار ساڵی ته‌مه‌نیدا بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ خوێنه‌ران و بینه‌ران و بیسه‌ران و سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ میدیاكانی جیهان.
ده‌یان كه‌ناڵ و ناوه‌ندیی میدیایی و پێگه‌ی ئێلیكترۆنی ناودار و رۆژنامه‌ی ناودار، هه‌واڵ و ڤیدیۆی رووداوه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌یان له كوردستان 24ـه‌وه وه‌رگرتووه و دواترینیشیان پشتبه‌ستنی میدیا جیهانییه‌كان بوو به ڤیدیۆ و بابه‌ته‌كانی كوردستان 24 له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان.