هۆڵەندا ماوەی مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە درێژدەکاتەوە

هۆڵەندا لە عێراق دەمێنێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

ھۆڵەندا مانەوەی سەربازیی لە عێراق درێژكردەوە و لە مەشق و راھێنانی پێشمەرگەش بەردەوام دەبێت.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ئاشکرایکرد، ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ساڵی 2021 درێژکردەوە و لە مەشق و راھێنانیش بە پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام دەبێت.

هۆڵەندا 60 سەربازی لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ٢٠ سەربازی دیکەشییان لە نێو نێردەی هێزەکانی ناتۆدا هەن، کە ئەرکییان راهێنان و مەشقکردنە بە سوپای عێراق و پێشمەرگە.

لە دوای هاتنی داعش بۆ عێراق و دەستبەسەرداگرتنی چەکی پێشکەوتووی سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە دووچاری کەمی چەکی پێشکەتوو بوونەوە، بەڵام وڵاتانی هاوپەیمان هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد و تاکو ئێستاش بەشێکیان لەو خزمەتە بەردەوامن.
H.J