هه‌ولێر.. ئاماده‌كاریی پێشوه‌خته بۆ وه‌رزى باران ده‌كات
پێشوه‌خته ئاماده‌كاریی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
پارێزگای هه‌ولێر، ئاماده‌كاریی پێشوه‌خته بۆ وه‌رزی باران و ئه‌گه‌ری لافاو ده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، فرسه‌ت سۆفى پارێزگاری هه‌ولێر سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ى بەرگرتن له ئه‌گه‌ری دروستبوونى لافاو كرد.
پارێزگای هه‌ولێر له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاماژه به‌وه ده‌كات، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ئاماده‌كارییه‌كان كراوه له ئه‌گه‌ری هه‌ستانی لافاو له سنووری پارێزگاى هه‌ولێر له وه‌رزى باران و زستان و تێكڕاى داموده‌زگاكان له ئاماده‌باشیدا بن بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێ و به ئه‌ركى خۆیان هه‌ڵبستن، هاوكات چاره‌سه‌ری كه‌موكوڕییه‌كان بكه‌ن له‌و شوێنانه كه ئه‌گه‌ری هه‌ستانی لافاو هه‌یه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر، ئاماده‌یی ته‌واو راگه‌یه‌ندراوه بۆ به‌شداری تیمه‌كانى فریاگوزاریی و شاره‌وانى و به‌رگرى شارستانى له‌كاتى لافاو، بۆ ئه‌وه‌ى به كه‌مترین زیان تێبپه‌ڕێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئامێر و ستافه‌كان و دانانى ژووری عه‌مه‌لیاتى فریاگوزاریی بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكى كه پێویست به فریاگوزاری له ئاماده‌باشیدان.

ئ. م